شما اینجا هستید
اجتماعی » تەماح…

 

تەماح…
ڕۆژگار وای هێنا، پیرەژنێک لەدێهات مووچە و مەزرایەکی هەبوو، وتی بەم سەری پیرییە پێی ڕاناگەم. کابراێەک لێی بوو بە مشتەری..
مەزرا بوو بە خێر و ڕژا بەسەر کابرا، ڕۆژبەڕۆژ داهاتی زۆرتر دەبوو. شەوێک شەیتان خۆی کرد بە ڕێبوارێکی ماندوو و بوو بە مێوانی کابرا، شەو بەدەم باس و خواسەوە بە کابرای گوت: لە فڵانە دێ، باخ و باخاتێکی ئاوەدان شک دەبەم کە دەیفرۆشن، بڕۆ بەشکم بتوانی بیکڕی. کابرا بەیانی چوو، قسەکە بەڕاست دەرچوو. بنە و بارگەیان گواستەوە بۆ موڵکی تازە. تا دەهات،هەر کۆک و پۆشتەتر دەبوون. شەوێک پیاوێکی بازرگان(شەیتان) بوو بە میوانی کابرا و باسی ناوچەیەکی دووری کرد کە مۆڵکی خۆیان هەراج کردووە و بە بڕە و گۆترە بە هەرزان دەیدەن. کابرا ماڵو حاڵی خۆی نەختەوە کرد و ڕۆیی بۆ ئەو مەڵبەندە. گەیشتە دێهاتێک؛ خەڵکی دەورەیان دا. ڕیش سپی ئاوایی بە کابرای گوت: کاکە ئێمە تەنیا بەیەک شێوە مامەڵەت لەگەڵ دەکەین…
سەر لە بەیانی هەموومان پێکەوە دەچینە سەر تەپۆڵکەی لای خوارووی ئاوایی.. لە پێشدا پارەکەت لێ دەستێنین. چوار گوڵمێخت پێ دەدەین؛ هەرکە خۆر دەرکەوت لەپای تەپۆڵکەکە یەکێک لە گوڵمیخەکان دەچەقێنیتە زەوێ. پاشان هەتا پێت خۆش بوو بەرەو باشوور بڕۆ. لەهەر کوێ بە باشت زانی گوڵمێخی دووهەم داکوتە و بەرەو ڕۆژهەڵات وەرسووڕێ؛ لەوێش تا هەرچەندی پێت دەکرێ بڕۆ، کە مێخی سێهەمت دامەزراند بەرەو باکوور وەرێ کەوە. گۆڵمیخی چوارمیش بۆ لای سەرووی زەویەکەیە. پانتایی ئەو موڵکە چوارگۆشە کە ئەکەوێتە نێوان ئەو چوار خاڵە دەبێ بە مۆڵکی تۆ! جا خۆت و غیرەتت، هەتا مەودای زۆرتر بپێوی، موڵکت گەورەتر دەبێ. بەڵام بەو مەرجەی، دەبێ پێش تاریکی ئێوارە بگەڕێیتەوە لای ئێمە کە هەر لێرە چاوەڕێتین. ئەگەر بکەویتە شەو، پارەکەت فەوتاوە و موڵکیشت نابێت!

بەیانی پێش خۆرهەڵاتن هەموویان لەسەر تەپۆڵکە ئامادە بوون..کابرا تۆشەبەرەی نان و کونەی ئاو لە کۆڵ، چوار گوڵمێخی بەدەستەوە ئامادە بوو.
هەرکە یەکەم گزینگی خۆر دای لە سەران؛ ماراتۆن دەستی پێ کرد..
کابرا لەبەر خۆیەوە وتی: قەت هەلی وام دەست ناکەوێ. هەتا بۆم بکرێ موڵکی گەورەتر دەبڕم. لای حەیف بوو ئەو دەشتە پڕپیت وبەرەکەتە بستێکیشی لە کیس چێ. چاوی بە هەر شوێنێک دەکەوت، دەیگوت ئەوەش بۆ من باشە، ئەو دارستانەش با بۆ من بێت… لەبەر ئەوەی کە باری سووکتر بێت، پێڵاوەکانشی فڕێ دا. نێوەڕو بە دەم ڕاکردنەوە پاروە نانێکی خوارد و قومێک ئاوی کرد بە دوایدا! وەها شەڵاڵی ئارەقە بوو جلەکانیشی فڕێ دا. کە ئێوارە هات هەرچوار گوڵمیخەکەی داکوتابوو؛ بەڵام کاتی وای نەمابوو. دەبوو پێش خۆرئاوابوون خۆی بگەیێنێتە سەرتەپۆڵکە هەتا سەوداکەی سەربگرێ! بستێک زمانی کێشا بوو؛ شەکەت و ماندوو، لاق ولەتەر بریندار، بەگیانەڵا خۆی گەیاندە بناری تەپۆڵکە. گوێی لە چەپڵەلێدانی خەڵکی بوو؛ هێزی لێبڕابوو، کەوتە سەرچۆک؛ هێڵنجێکی دا و بڕێک خوێنی هەڵهێنایەوە. ویستی جارێکی دی هەڵسێتەوە بەڵام بە هەناسە ساردی کەوت و جووڵەی لێبڕا..
خەڵک وردە وردە هاتنە خوارێ بۆ لای تەرمی کابرا..
گەورەی ئاوایی وتی: ئەو پیاوە شەرتەکەی دۆڕاند؛ بەڵام ڕابەردار نییە ئاوەها بمێنێتەوە و هیچیشی دەست نەکەوتبێ!
بە پانایی دوو هەنگاو و درێژایی پێنج هەنگاو بۆیان کرد بە گۆڕ و کابرایان تێدا ناشت.
پارەکەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد.

پێشینیان فەرموویانە: تەماح سەری نەبڕیت، سەرت دەبڕێت.

شبنم ویسی خبرنگار ریگا انلاین

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

ریگا انلاین |