شما اینجا هستید
آرشیو هفته نامه » ژیان لەسەر شەقام لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سائۆ پائۆلۆی بڕازیل نمایش دەکرێت

بەشی فەرهەنگ و هونەر- فیلمی چوار ئێپیزۆدیی “ژیان لەسەر شەقام” لە بەرهەمهێنانی “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ لە بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان” لە چل و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” نمایش دەکرێت.

لە دوای سەرکەوتنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” Life on the Border و بەشداریی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی جیهان، لەوانە: “بەڕڵینالە” و هەروەها فیستیڤاڵە بیانییەکانی دیکە و نمایش لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا، کۆمپانیای سینەمایی “مژ فیلم” بە سەرۆکایەتی سینەماکاری ناوداریی کورد “بەهمەن قوبادی”؛ فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” لە دەرهێنانی منداڵانی توشبووی جەنگی بەرهەمهێنا کە لە کەمپی ئاوارەکانی کۆبانێ و شنگاڵ لە هەرێمی کوردستان، ژیانیان بەسەر دەبرد و دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ نیشتمانەکەیان، ئەم فیلمانەیان سازکرد کە ڕاوێژکارانی سینەمایی؛ وانە پێویستەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سازکردنی ئەم بەرهەمانە پێشکەش کردبوون.

دوای سازکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” لە ساڵی ۲۰۱۵ پۆلەکانی فێرکاریی فیلمسازیی بۆ منداڵانی توشبووی جەنگی کۆبانێ و شنگاڵ بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی دوو مانگ، لە لایەن ڕاوێژکاران و گرووپی دەرهێنان پەروەردە کران و پاشان لە نێوانیاندا هەشت کەس هەڵبژێردران و بە ناونیشانی دەرهێنەرە بچکۆلەکان، دەرهێنانیان بۆ ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتاریانە ئەنجامدا کە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و لە درێژەی سەرکەتنەوکانی ئەم فیلمەشدا لە ساڵی ۲۰۱۹، فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” لە دەرهێنانی چوار منداڵی دیکەی پەرەوەردەکراو سازکرا.

فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری بەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ، لەوانە: ئێپیزۆدی “ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟” Where do we go now? لە دەرهێنانی “ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد” Ekhlas Heydar Samubud و بە ڕاوێژکاریی “میلاد فەیزوڵڵا بەیگی”، ئێپیزۆدی “ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە” We’ll make it again لە دەرهێنانی “سیدرا رێزوان” Sidra Rezwan و بە ڕاوێژکاریی “سۆران ئیبراهیم”، ئێپیزۆدی “گەڕانەوە” The Return لە دەرهێنانی “سالوا سلێمان سیدۆ” Salwa Soleiman Sedo و بە ڕاوێژکاریی “محەمەد تۆریوەریان” و هەروەها ئێپیزۆدی “ژیان درێژەی هەیە” Life Goes On لە دەرهێنانی “عەدنان فارووق” Adnan Faroq و بە ڕاوێژکاریی “سۆران ئیبراهیم”، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان” لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” São Paulo لە وڵاتی بڕازیل نمایش دەکرێت.

چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” بە نمایش ۱۹۸ فیلم لە دەرهێنەرانی ۷۱ وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “ئاسۆی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان”، بەشی “بڕازیل”، بەشی “خەڵاتەکان”، بەشی “مافی مرۆڤ” و بەشی “کەمپەینەکان” لە ڕۆژانی ۲۲ی ئۆکتۆبەر تا ۴ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۰ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری سائۆ پائۆلۆ لە وڵاتی بڕازیل بەڕێوەدەچێت.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

ریگا انلاین |